مامۆستا عەبدوڕڕەحمان پیرانی ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح لە سەرەتای قسەکانیدا، ئاماژەی بە ئایەتی «و کذلک جعلناکم أمة وسطا لتكونوا شهداء على الناس و يكون الرسول عليكم شهیدا» (بەقەڕە:۱۴۳) کرد و هیوای خواست کە ئەو کۆڕانە و تەواوی کۆبوونەوەکانی کە بە مەبەستی خزمەت بە دینی خوا و بەندەکانی پێک دێن، ببنە هۆی دابەزینی نوور و ڕەحمەت و ڕەزامەندی پەروەرێنەری بەسۆز و دڵۆڤان و ئەجر و پاداشی نەبڕاوە لە ڕۆژی دوایی.
لە درێژەدا ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکانی دوایی ناوچە کرد و وتی: «ئێمە لە دۆخێکدا ئەو دانیشتنەمان پێک هێناوە کە جیهانی ئیسلام و ناوچەی خۆڕهەڵاتی ناوەڕاست تووشی گۆڕانکارییەکی خێرا و گرینگ بووە، وەک شەڕی بەردەوام و نابەرابەری ڕژێمی داگیرکەری ئیسڕائیل دژ بە خەڵکی شۆڕشگێڕی فەلەستین و غەززەی سەربەرز، گۆڕانکاریی خێرا و چارەنووسسازی سوریا دوای شەڕ و خوێنڕێژی و کاولکارییەکی زۆر، هەروەها پەیامی ڕاگرتنی شەڕ و ئاشتەوایی حیزبی کرێکارانی کوردستانی تورکیا دوای ساڵانێک شەڕ و پێکدادان لەگەڵ حکوومەتی سەردەم و هەروەها بابەتی گرینگی دانوستانی ئێران و ئامریکا دوای هەورازونشێوی زۆر و داسەپاندنی بایکۆتی ناڕەوا و گوشاری سەپێنراو بەسەر خەڵکی بەشەڕەفی ئێراندا.»
ئەو هەروەها وتی: «ئێستاکە وڵاتی ئێمە زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویستیی بەوەیە کە کارگێڕان و بەرپرسانی حکوومی هەمبەر بەڕێوبەرایەتیی زانستانە و ژیرانەی ئەو دانوستانە گرینگ و چارەنووسسازە تێبکۆشن، تاکوو لەلایەک بەرژەوەندی و مافی مسۆگەری گەلی ئێران بپارێزرێت و لەلایەکی تر پێش بە چڕتربوونی بایکۆتە ناڕەواکان و ئەگەریی شەڕ و پێکدادان لە ناوچە بگیردرێت. بەتایبەت جێی خۆیەتی بۆ چارەسەری گرفت و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی هاوڵاتیان و کەمکردنەوەی دەرد و ئازارییان و دابینکردنی هێمنی و ئاسوودەیی زۆرتر بۆ گەلی جوامێر و شەریفی ئێران، لە هیچ هەوڵێک درێخی نەکرێت.»
ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح سەبارەت بە دۆخی فەلەستین وتی: «لە بارەگای خوای میری مەزن داوای سەرکەوتن و ڕزگاری بۆ گەلی موسوڵمانی فەلەستین و غەززەی خەباتکار لەو شەڕە زاڵمانە و نابەرامبەرانە و وچەکوژییە دەکەین.» ئەو هەروەها بۆ موسوڵمانان و مەینەت‌کێشاوانی سوریا داوای لە خوای گەورە کرد کە هۆکاری ئاسوودەیی و هێمنی و ئارامییان دوای ساڵانێک ڕەنج و مەینەتی بۆ دابین بکات.
مامۆستا پیرانی لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی ڕێبەرایەتی حیزبی کرێکارانی کوردستانی تورکیای کرد و وتی: «دەرکردنی ئەو بڕیارە گرینگ و چارەنووسسازە لەلایەن ڕێبەری حیزب و قبووڵکردن و گوێڕایەڵی لەلایەن ئەندامان، کارێکی بەجێ و پەسند بوو و لەهەمان کاتدا هێمای یەکگرتوویی رێکخراوەیی و پێگەیشتنی فکرییە. هیوادارین ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە، ببێتە هۆی وەرزێکی نوێ لە ڕاستای یەکانگیری و جێگیربوونی هەڵسوکەوتی دانەرانە لەگەڵ حکوومەتی پەیڕەولێکراوی تورکیا.»
ڕۆڵی پێوەندییە گشتییەکان: بەرپرسیارەتییەکی گرینگ و کاریگەر
مامۆستا پیرانی ئاماژەی بە ئەرکی پێوەندییە گشتییەکان لە ناوخۆی جەماعەتدا کرد و وتی: «پێوەندییە گشتییەکان پێویستە هونەرمەندانە و ئاوەزمەندانە بیروباوەڕ، بەهاکان و سیاسەتەکانی جەماعەت بە ئەندامان و لایەنگران بگەیێنیت و پێوەندییەکانی ناوخۆی جەماعەت بە پتەوکردنی یەکانگیری، یەکگرتوویی و هاودڵی بەڕێوە ببات.» بەڕێزیان جەختی کرد کە ئەو بەرپرسیارەتییە قورسە پێویستی بە تێگەیشتن و زانیاری وردی کۆمەڵگای بەرباس و زانستی یەکەمینەکانی خەڵکی ئاسایی هەیە.
ئەو هەروەها وتی: «ئێمە پێویستە لە ڕاستای بردنەسەری ئاستی لێهاتوویی مناڵان و گەنجانمان بەجددی کار بکەین و بەپێی گرینگییەکی کە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بە پێگەی شارەزایی داوە، بەتایبەت لەبواری «بانگەشە بەرەو خوا»، ئاستی توانایی کەسەکان بەرز کەینەوە؛ چونکە پەیام و ئامانجی ئێمە، هەوڵدانە بۆ ئاوەدانی و کەمکردنەوەی دەرد و ئازار و دابینکردنی پێویستیی ئەندامان و هاوڵاتیان.»
جەخت لەسەر تێکۆشانی سەردەم
مامۆستا پیرانی هەروەها جەختی لەسەر پێداچوونەوە بۆ دەقەکانی دینی و تێکۆشانی نوێ کرد و وتی: «ناکرێ ئێمە تەنیا بە بەرهەمە فیکریی و میرات و ئەدەبیاتی ڕابردوو ڕازی بین، چونکە ئایینی پیرۆزی ئیسلام وەک کۆتا ئایینەکان هاتووە تاکوو لە تەواوی کات و شوێنەکان بۆ مرۆڤایەتی ڕێنوێن و وەڵامدەر بێ و پێداویستییە نوێکان دابین بکات. بۆ نموونە، ئەگەر دەقێک لە قوڕئانی پیرۆز لە سەردەمی پێغەمبەر(د.خ) بۆ چارەسەری بابەتێک هاتووە، ئەوڕۆکەش ئەو ئایەتە دەتوانێ بابەتێکی هاوشێوە بەپێی دۆخی کات و تایبەتی خۆی چارەسەر بکات. ئەوەش واتای جیهانی بوون، هەرمانی و بەردەوامی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە.»
بەڕێزیان لەو بوارەوە جەختی کرد: «گەورە پیاوانی ئایینی ئێمە هیچ کامیان خۆیان بە پاک و بێ‌تاوان نەزانیوە، بۆیە بەرهەمە فیکرییەکان و میراتی هزر و ئیجتیهادی بەنرخی ئەو کەسانە کە زیاتر تایبەت بە کات و دۆخی زاڵ بەسەر کۆمەڵگای خۆیاندا بوون، ناتوانێ وەک قوڕئانی پیرۆز و سوننەتی ڕاستی پێغەمبەر(د.خ) تاکوو ڕۆژی دوایی وەڵامدەری تەواوی پێویستییەکان و بابەتەکانی نوێی کۆمەڵگا جۆراوجۆر و جیاوازەکانی مرۆیی بێت؛ هەرچەند ئێمەی موسوڵمان وەک ڕێبەرانێکی گەورە و خزمەتکاری دینی ڕێزیان دەگرین و بە سەرمەشقی خۆمانیان دەزانین لە ڕێی بانگەشە بەرەو خوا.»
بانگەشە بەرەو متمانەبەخۆیی
لە کۆتایی وتەکانی، مامۆستا پیرانی جەختی لە پێویستیی متمانەبەخۆیی ئەندامان کرد و وتی: «متمانەبەخۆیی یەکێک لە پێداویستییەکانی سەرەکی سەرکەوتنە و ئەو فاکتەرە بەتوانایانە لە جەماعەتدا هەن. جەماعەت لە کەسانێکی ڕاستگۆ و لەخۆبووردە پێک هاتووە کە دەتوانن لە دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر، ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبێ و بە ئیلهام لە ئامۆزە بەرزەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و پابەندی بە بەها باڵاکانی ئەخلاقی و سیاسەتە ژیرەکانی جەماعەت کە لەسەر بنەمای ئاوەزی بەکۆمەڵ، هاوڕایی و هاودڵی پێک هاتووە، بە هاوکاری یەکتر ساڕێژی ئازارەکان و پێداویستییەکانی هاوڵاتیان بە باشترین شێوە بن.»
لە کۆتاییدا، مامۆستا پیرانی داوای لە هەموو چالاکوانانی پێوەندییە گشتییەکان کرد تاکوو بە ناسینی وردی کۆمەڵگا و بەرپرسیارەتی و هاوکاری لە خزمەت بە دینی خوا و بەندەکانی، یاریدەدەری جەماعەت بن.